ناوهڕۆك
دەوڵەتی سەفەوی
ناوی دەوڵەتی سەفەوی بۆ ناوی (شێخ صفی الدین) دەگەڕێتەوە کە لە ساڵی 1334ز دا کۆچی دوایی کردوە، ئەم شێخە لە (ئەردەبیل) ناوبانگی دەرکردووە و خاوەن تەریقەتی (سۆفیگەری) بووەو خەڵکێکی زۆر لایەنگرییان کردووە لە (ئازربایجان).
لەگەڵ سەرەتای سەدەی شانزەهەمدا تەرازووی سیاسی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گۆڕدرا بە هۆی لاوازی دەوڵەتی (ئاق قۆینلۆ) و دەسەڵات و ناوبانگی بنەماڵەی سەفەوی زیاتر بوو، لەو کاتەدا ئیسماعیلی سەفەوی ئەم لاوازییەی (ئاق قۆینلۆ) بە هەل دەزانێت و لە ئازربایجانی ئێران دەوڵەتی سەفەوی ڕادەگەیێنێت لە ساڵی 1501ز و خۆشی بە (شا)ی ئەو دەوڵەتە دەست نیشان دەکات و شاری (تەورێز)یش دەکاتە پایتەختی دەوڵەتەکەی و مەزهەبی شیعەش دەکاتە مەزهەبی ڕەسمی دەوڵەتەکە، پاشان دەسەڵاتی خۆی بەسەر تەواوەتی ئێران داسەپاند. ئینجا کەوتە هەڵپەی داگیرکردنی ناوچەکانی دراوسێی لەوانە کوردستان و عێراق.
هۆكاری داگیركردنی عێراق و كوردستان
دەتوانین چاو تێبڕین و هەوڵدانی شا ئیسماعیلی سەفەوی بۆ داگیرکردنی کوردستان و عێراق بگەڕێنینەوە بۆ چەند هۆیەک لەوانە:-
1- خراپی دوواکەوتویی باری سیاسی کوردستان و عێراق لەبەرئەوەی پڕبوو لە ئاژاوە و ناکۆکی ناوخۆیی.
2- عێراق بایەخێکی تایبەتی و گرینگی هەبوو بۆ بنەماڵەی سەفەوی، چونکە مەزاری گەلێک لە ئیمامەکانی شیعەی لێ بوو، بێ توومنیش دەوڵەتی سەفەوی بەهەمان شێوە دەوڵەتێکی مەزهەب شیعە بوون
3- گرنگی شوێن و زەوی و زاری کوردستان بۆ کشتوکاڵ بەهۆی بە پیتی زەوییەکەوە و، مەڵبەندێکی گرنگی بازرگانی بوو بەهۆی هەڵکەوتنی شوێنەکەی.
لە سەرەتای شا ئیسماعیلی سەفەوی سیاسەتێکی نەرمی لەگەڵ میر و بەگەکانی کوردا پیادە کرد، بەڵام کە دەسەڵاتی چەسپاند بە توندی ڕەفتاری لەگەڵدا کردن، تەنانەت دژی ئەو میرە کوردانەش بوو کە بۆ پشاندانی لایەنگری خۆیان و پیرۆزبایی بۆ دەوڵەتی سەفەوی سەردانییان کردبوو، کەچی بە پێچەوانەی بیر و بۆچوونی میرە کوردەکان و پێچەوانەی ڕەوشتی مرۆڤایەتییە، لە جیاتی سوپاس و پێزانینی بۆ میرە کوردەکان دەستی کرد بە زیندانی کردنییان و گۆڕینییان بە دانانی لایەنگرەکانی خۆی لە قزڵباشەکان.
لە ساڵی 1506ز یەکەم هێرشی سەفەوییەکان بۆ سەر کوردستان دەستی پێکرد بە تاڵانی و کوشتن و بڕین و کوشتاری خەڵکی بێتاوانی کوردستان و سیاسەتی دژە کوردی بەکارهێنا. هەروەها شا ئیسماعیل لە درێژەی فراوانخوازییەکاندا سای 1508ز توانی بەغدا داگیر بکات و کۆتایی بە دەسەڵاتی دەوڵەتی ئاق قۆینلۆ بهێنێت کە حوکمی ئەوێیان دەکرد.